سێر ئەلێكس فێرگسۆنی سكۆتلەندی و راهێنەری مێژوویی مانچستەر یونایتد لە چاوپێكەوتنێكیدا باسی لە داهاتووی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی كرد لە كاروانی وەرزشیدا.

فێرگسۆن ئاشكرایكرد، بە هیچ شێوەیەك وای نابینێت كە كریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای جامی یۆرۆ بەردەوام بێت لە یاری نێودەوڵەتی و بە ئەگەرێكی زۆرەوە یاری بۆ پورتوگال ناكاتەوە.

دەشڵێت، یاریكردنی تۆپی پێ لە ئێستادا زۆر گۆڕاوە لەچاو ساڵانی رابردوو بەشێوەیەك كە زۆر خێرا و بەهێزتر بووە و گۆڕانكاریەكانیش زیاتر دەبن لە ساڵانی داهاتوودا، جگە لەوەش كاری هێرشبەرانیش سنوردارتر دەبێت.

رونیشیكردەوە، بەرگریكارانی ئێستای تۆپی پێ ئەوەندە بەهێزن كە كاری هێرشبەرانیان قورس كردووە و ناهێڵن بە ئاسانی گۆڵ تۆمار بكەن بەتایبەت ئەو هێرشبەرانەی كە هاوشێوەی رۆناڵدۆ تەمەنیان زۆرە.

ئەمە لە كاتێكدایە، ئەستێرە پورتوگالیەكە لە ماوەی رابردوودا چەند جارێك دوپاتیكردەوە كە بە هیچ شێوەیەك بیری لە وازهێنان نەكردووەتەوە و دەیەوێت نازناو و دەستكەوتی زیاتر بەدەستبهێنێت.