پێش رووبەڕوبوونەوەی ئەتلەتیك بلباو، هانس فلیكی راهێنەری بەرشەلۆنە رایگەیاند، پێویستیان بە پشتگیری هاندەران هەیە و بوونی ئەوان پاڵنەرێكی گەورە دەبێت بۆیان لە یاریگادا.

سەبارەت بە رۆیشتنی گۆندوگانیش باسی لەوەكرد، ئەگەر بیەوێت باسی یاریزانەكە بكات دەبێت شتی باش بڵیت چونكە هەم كەسێكی زۆر باش بووە هەم یاریزانێكی زۆر باش بووە و یارمەتی یانەكەی داوە.

راهێنەرەكە رەتیكردەوە باس لە بابەتی ناو تۆماركردنی ئۆلمۆ بكات و ئاماژەی بەوەدا ئەو بابەتە پەیوەندی بە ئەوەوە نییە، بەڵام جەختی لەسەر ئەوە كردەوە ئۆلمۆ بە تەواوی ئامادەیە و هیوادارن بە زووی بتوانێت لەگەڵیاندا بەشداری یارییەكان بكات.

فلیك وتیشی: من سەرنجی تەواوم لەسەر ئەو یاریزانانەیە لە ئێستادا لە بەردەستمدایە و پێشموایە بە تەواوی ئامادەین، كارێكی باش نییە قسە لەسەر شتانێك بكەین كە نیمانە و نیكۆ ویلیامزیش یاریزانێكی باشە بەڵام یاریزانی ئێمە نییە.

راهێنەرەكە دوپاتیشیكردەوە، حەزناكات بە تاك باسی یاریزان بكات چونكە سەرنجی لەسەر تەواوی تیپەكەیەتی بەڵام دڵخۆشە بە بوونی یاماڵ و رافینیا لە پێكهاتەیدا.