
هانسی فلێكی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە لە چاوپێكەوتنێكیدا رایگەیاند، لە یەكەم رۆژەوە كە هاتووەتە بەرشەلۆنە هەستیكی نایابی هەیە و دەزانێت ئەو یانەیە ئارەزوویەكی گەورەی بۆ تۆپی پێیەكی جوان هەیە.
فلێك دەڵێت، ئامانجمان ئەوەیە هەموو شتێك ئەنجامبدەین لەپێناو ئەوەی یانەكەمان بەرەوە ئاستێكی بەرز ببەین تا بگاتە لوتكە، نازانم چی روودەدات بەڵام هەموو هەوڵێك دەدەین.
فلێك وتی: بەهۆی شێوازە یاریەكەی بەرشەلۆنە ئەركی راهێنەرایەتیم وەرگرتووە و ئەو یانەیە دەزانێت چۆن پەرە بە یاریزانانی منداڵ بدات، بارودۆخی ناو ئەم یانەیە سەرسوڕهێنەرە و هەمووان رێزت دەگرن.
وتیشی: هەستی من بۆ تۆپی پێ هاوشێوەی ئەوەیە كە بەرشەلۆنە بەڕێوەی دەبات، بەردەوام سەرسام بووم بە شێوازی یاریكردنی بەرشەلۆنە و هۆڵەندیەكان و یۆهان كرۆیف.