
رۆژنامەی فیچاجێس بڵاویكردووەتەوە هانسی فلێكی راهێنەری بەرشەلۆنە بەبەرپرسانی یانەكەی راگەیاندووە، ئەگەر هێرشبەرێكی نوێ لەم زستانەدا نەگوازنەوە ئەركیان قورس دەبێت لە ركابەریكردنی نازناوەكان.
سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە راهێنەرە ئەڵمانییەكە پێداگری لەسەر هێنانی هێرشبەرێك كردووەتەوە و بەبەرپرسانی یانەكەی راگەیاندووە لە ئەگەری نەهێنانی هیچ یاریزانێك راستەوخۆ دەست لەكاردەكێشێتەوە.
یانەی بەرشەلۆنە لە ئێستادا بەدەست چەندین كێشەوە دەناڵێنێت لەوانە ناو تۆمارنەكردنی ئۆلمۆ و پاو ڤیكتۆر و تەواو نەبوونی یاریگای كامپنوو، هەربۆیە پێشبینی ناكرێت خوان لاپۆرتا بتوانێت هیچ هێرشبەرێك بگوازێتەوە.
فیچاجێس ئاماژەی بەوەكردووە راهێنەرە ئەڵمانییەكە باش دەزانێت ئەگەر هیچ نازناوێك بەدەست نەهێنن لە كۆتایی وەرزدا زۆرینەی رەخنەكان ئاراستەی ئەو دەكرێت، هەربۆیە دەیەوێت بە هێنانی یاریزانێك بۆ هێڵی پێشەوە و ڕكابەریكردنی لیڤاندۆڤسكی بەشێكی كێشەكانی یانەكەی چارەسەربكات.