هانسی فلێكی ڕاهێنەری یانەی بەرشەلۆنە پێش ئەوەی رووبەڕووی ریاڵ بیتیس ببنەوە وتی: یارییەكەی بیتس زۆر قورس دەبێت، دەبێت لە باشترین ئاستی خۆماندا بین و بە باشی خۆمان چاك بكەینەوە و هەوڵی سەركەوتن بدەین.

وتیشی: توانای بردنەوەی یارییەكانمان هەیە، دەتوانین لە هەر تیپێك ببەینەوە، بەڵام، ڕاوێژ لەگەڵ ستافی ڕاهێنەرایەتی دەكەم سەبارەت بە ژمارەی خولەكەكانی یاریكردن كە پێویستە بۆ هەر یاریزانێك و گۆڕینی پێكهاتەی سەرەكی.

دوپاتیشیكردەوە، رۆژانە چاودێری زۆر وردەكارییەكان دەكات، وەك ئاستی یاریزانەكان و شێوازی خەوتن، چونكە فاكتەری جەستەیی گرنگە، هەوڵێكی زۆر دەخەنەگەڕ، كارێكی ئاسان نییە، بەڵام بێگومان بەدەستهێنانی سەركەوتن متمانەیەكی گەورەت پێدەبەخشێت.

باسی لەوەشكرد، بەردەوامن لە كاركردن، یاریزانەكانیش گەنج و بە ئەزموونن، عەقڵیەتێكی باشیان هەیە، سەرسامە بە ژووری جلگۆڕین و ئەو كەش و هەوایەی لە نێو یاریزانەكان هەیە.

فلێك دەشڵێت: نازانم خوان لاپۆرتا سەرۆكی یانەكە خەون بە چییەوە دەبینێت، هیوادارم خەونەكانی دڵخۆشكەر بن، لەلایەن منەوە هەمیشە هەوڵدەدەم بۆ بردنەوەی یارییەكان، خەونیشم ئەوەیە 15 یاری دیكە ببەمەوە، ئەوە ئامانجی ئێمەیە لە ئێستادا.