
یانەی فلۆمینێنسی بەرازیلی، بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیدا، نازناوی جامی لیبەرتادۆرێسی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاریی كۆتاییدا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە یانەی بۆكا جونیۆرزی ئەرجەنتینی بردەوە.
یارییەكە لەسەر یاریگەی ماراكانای بەنێوبانگ لە ریۆ دی جانیرۆ لە بەرازیل بەڕێوەچوو.
جێرمان كانۆ، لە خولەكی 36 بە گۆڵێك یانەی فلۆمینێنسی پێشخست و نیوەی یەكەم بە پێشكەوتنی بەرازیلییەكان بە گۆڵێك كۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا ئەرجەنتینییەكان هەوڵەكانیان چڕكردەوە بۆ یەكسانكردنەوەی ئەنجامەكە، تاوەكو لویس ئەدڤینكولا 14 خولەك پێش كۆتاییهاتنی یارییەكە گۆڵی یەكسانبوونەوەی بۆ بۆكا تۆماركرد و یارییەكە چووە كاتی زیادكراو.
لە خولەكی 99 جۆن كێنێدی بە لێدانێكی موشەكئاسا گۆڵی دووەم و بردنەوەی یارییەكە و نازناوەكەی بۆ فلۆمینێنسی تۆماركرد و كارتی زەردی دووەمی وەرگرت بەهۆی زیادەڕۆیی لە ئاهەنگگێڕان.
هەروەها فرانك فابرای بەرگریكاری یانەی بۆكا بە كارتی سوور دەركرا، بەهۆی ئەوەی لە كۆتایی گێمی یەكەمی زیادكراودا لە كاتی شەڕ و دەمەقالێدا شەقێكی لە نینۆی كاپتنی یانەی فلۆمینێنسی دا.
بۆكا بۆ جاری حەوتەم هەوڵی بەدەستهێنانی نازناوی لیبەرتادۆرێسی دا، بەڵام تەنیا چوار نازناوی هەیە، چونكە لە ساڵانی 2012 و 2018 و 2023 لە سێ یاریی كۆتاییدا دۆڕاوە.