
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان پشتڕاستیان كردۆتەوە كە هانس فلیكی ڕاهێنەری ئەڵمانی پاڵێوراوە بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا ئەركی راهێنەرایەتی بەرشەلۆنە بگرێتە ئەستۆ لە شوێنی چاڤی هێرناندێزی ڕاهێنەری ئێستای یانەكە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، بە پشتبەستن بە بیڵدی ئەڵمانی، فلیكی ڕاهێنەری پێشووی یانەی بایرن میونشن و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەستیكردووە بە فێربوونی زمانی ئیسپانی بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پۆستی ڕاهێنەرایەتی یانەی بەرشەلۆنە وەربگرێت.
ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، فلیك لەنێو ئەو كاندیدانەیە بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو پۆستی ڕاهێنەری یانە كەتەلۆنییەكە وەربگرێت، وە رۆژنامەكە تیشكی خستۆتە سەر لێدوانەكانی جوان لاپۆرتا سەرۆكی بلاوگرانا كە پێشتر سەرسامی خۆی بۆ راهێنەرە ئەڵمانیەكە دەربڕیوە.
ڕۆژنامەكە ئەوەشی پشتڕاستكردووەتەوە، بەم دواییانە دیكۆی بەڕێوەبەری وەرزشی بەرشەلۆنە پەیوەندی بە فلیكەوە كردووە بۆ ئەوەی ئاگاداری بكاتەوە كە لە لیستی ئەو پاڵێوراوانەدایە دیاریكراون بۆ جێگرتنەوەی چاڤی.