
رۆژنامەی ماركای ئیسپانی رایگەیاند، یەكێتی تۆپی پێی جیهان كە ناسراوە بە فیفا هەڕەشەی لە وڵاتی ئیسپانیا كردووە كە مافی میواندارێتی كردنی مۆندیالی 2030یان لێ وەردەگرێتەوە و میوانداریكردنەكە دەبەخشێت بە سعودیە.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەداوە، ئەو هەڕەشەیەی فیفا دوای ئەوە دێت كە لە ئێستادا قەیرانێكی گەورە لەناو یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا هەیە بەهۆی ئەوەی سەرۆكی كاتی یەكێتی تۆپی پێی ئەو وڵاتە بە گەندەڵی تۆمەتبار كراوە و نەشتوانراوە دوای 14 مانگ سەرۆكێكی هەمیشەیی دیاریبكەن.
رونیشیكردووەتەوە، هۆكارێكی تریش بەردەوامی كاری رەگەزپەرستیە لە یاریگاكانی ئەو وڵاتەدا بەتایبەت دژی ڤینیسیۆس جۆنیۆر و ئەو یاریزانەش بە ئاشكرا داوای كرد میوانداری كردنی مۆندیالی 2030 لە ئیسپانیا بسەنرێتەوە.
ماركا نوسیویەتی، 11ی مانگی 12ی ئەمساڵ كاتی یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتەیە و فیفا بڕیاری كۆتایی لەسەر میوانداری كردنی مۆندیالی 2030 دەدات بە لێسەندنەوە لە ئیسپانیا یان رێگای دەدات میوانداریەكە رێكبخات بە هاوبەشی لەگەڵ پورتوگال و مەغریب.