
یەكێتی تۆپی پێی جیهان كە ناسراوە بە فیفا لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا بڵاویانكردەوە كە لە 14ی ئەم مانگەدا ناوی یاریزانە پاڵێوراوەكان بۆ خەڵاتەكانی زە بێستی ساڵی 2023 ئاشكرا دەكەن.
یەكێتیەكە رایگەیاندوە، دیاریكردنی یاریزانە پاڵێوراوەكان بۆ خەڵاتی باشترین یاریزان و راهێنەر و گۆڵچی لەسەر بنەمای ئاستیان دەبێت لە نێوان 19ی مانگی 12ی ساڵی رابردوو تا 20ی مانگی هەشتی ئەمساڵ.
سەبارەت بە خەڵاتی باشترین یاریزان و راهێنەر و گۆڵچی لەسەر ئاستی ئافرەتان هەڵسەنگاندنەكەیان لە نێوان یەكی مانگی هەشتی ساڵی 2022 تا 20ی مانگی هەشتی ئەمساڵ دەبێت كە كاتی كۆتاییهاتنی یارییەكانی مۆندیالی ئافرەتانە.
رونیشیانكردووەتەوە، دەنگدان بۆ خەڵاتی پوشكاش كە دەدرێتە خاوەنی جواترین گۆڵ ماوەكەی هاوشێوەی بەرواری خەڵاتی باشترین یاریزانی كوڕانە.
فیفا دوپاتیكردووەتەوە كە هاندەران لەسەرانسەری جیهان دەتوانن بەشداری بكەن لە دیاریكردنی باشترینەكان بۆ خەڵاتە جیاوازەكان بكەن كە ژمارەیان نۆ خەڵاتە.