
كریستۆڤ گالتیەی ڕاهێنەری یانەی پاریس سان جێرمان تایبەت بە ڕووبەڕوبونەوەكەیان بەرامبەر ئەجاكسیۆ لە خولی فەڕەنسا ڕایگەیاند هێشتا لە كێبڕكێدان بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولەكە و دوای ئەوەی بەرامبەر لۆریان ئاستێكی خراپمان پێشكەشكرد بەرامبەر تروا بەباشی گەڕاینەوە.
گالتیە ئاماژەی بەوەكرد كە ئەجاكسیۆ بەشێوەیەكی جیاوازتر یاری دەكات و كاتێك بەرامبەر یانەیەكی بەرگری یاری دەكەیت پێویستە پەنابەریتە بەر لێدانە دوورەكانی دەرەوەی ناوچەی سزا.
ئەو ڕاهێنەرەی پاریس سان جێرمان دوپاتیكردەوە كە لیۆنێل میسی بەرامبەر ئەجاكسیۆ سەرەكی دەبێت و سەرجەم یاریزانەكان بەگەرمی پێشوازیان لەگەڕانەوەی كردووە.
گالتیە ئاشكرایكرد كە یاریەكەیان بەرامبەر ئەجاكسیۆ یەكلاكەرەوە نیە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی ئەم وەرزەی خولی فەڕەنسا و ئەگەر بردنەوە تۆماربكەین نازناوەكە بەدەستناهێنین بەڵام زۆر گرنگە تا بەردەوامبین لەهێشتنەوەی جیاوازی خاڵەكانمان لەگەڵ یانەكانی تر.