راگەیاندنی گرێبەستی مباپێ و ریاڵ مەدرید کێشەی تێکەوتووە بەهۆی جامی یۆرۆ و پاریس سان جێرمانەوە.

لە ماوەی رابردوودا بەتایبەت دوای ئەوەی کیلیان مباپێ رایگەیاند کۆتایی ئەم وەرزە یانەی پاریس سان جێرمان جێدەهێڵێت هەمووان دڵنیابونەوە لەوەی کە چوونی ئەو یاریزانە بۆ ریاڵ مەدرید نزیکبووەتەوە و ئەوەش بابەتێکە کە بە رێژەی لە سەدا سەد روودەدات.

لە نوێترین پێشهاتدا، رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، پەیوەندی کردنی مباپێ بە ریاڵ مەدریدەوە راستیە و لەسەر کۆی مەرجەکانیش رێککەوتوون بەڵام کێشەکە لە کاتی ناساندنی ئەو یاریزانەیە.

مارکا دەڵێت، لەنێو یانەی شاهانە ناڕونیەک هەیە سەبارەت بە راگەیاندنی گرێبەستی مباپێ و چاوەڕێ دەکرێت ئەو یاریزانە خۆی ئەو کاتە دیاری بکات.

رونیشیکردووەتەوە، کاتی پێشکەش کردن و ناساندنی مباپێ لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ کەمێک ئاڵۆز بووە چونکە ئەو یاریزانە لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا بەشداری جامی یۆرۆ دەکات و دەبێت لە سێی مانگی شەشدا پەیوەندی بە مەشق و راهێنانەکانی ئەو هەڵبژاردەیەوە بکات.

دەشڵێت، کێشەیەکی تریش ئەوەیە کە گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ پاریس سان جیرمان لە 30 ئەم مانگە کۆتاییدێت لەبەرئەوە پێویستە یانەی شاهانە لە یەک تا سێی مانگی شەشی داهاتوو ئەو گرێبەستە رابگەیەنێت کە ئەوەش قورسە جوانە ئەو یانەیە تا یەکی مانگی داهاتوو سەرقاڵی یاری کۆتایی چامپیۆنز لیگە.

مارکا دوپاتیکردەوە، ئێستا یانەی شاهانە دوو ئەرکی قورسی لەپێشە، دەبێت رەزامەندی هەردوو یانەی پاریس سان جێرمان و هەڵبژاردەی فەرەنسا وەربگرێت کە هاوکاری بکەن و کار ئاسانی بۆ بکەن تا بتوانێت پێش جامی یۆرۆ مباپێ وەک یاریزانی نوێی یانەکەیان بناسێنن.