پێش یاریەكەیان بەرامبەر ریاڵ مەدرید، پیپ گواردیۆلای راهێنەری مانچستەر سیتی رایگەیاند، نایانەوێت تەنیا لە پێناو كۆنترۆڵ كردنی تۆپ بچنە یاریگاوە بەڵكو ئامانجیان ئەوەیە گۆڵ تۆمار بكەن و سزای یانەی بەرامبەر بدەن بەڵا ئەستەمە بتوانیت دوو یاری بە دوای یەك بە هەمان ئەنجام لە یانەی شاهانە ببەیتەوە.

گواردیۆلا دەڵێت، متمانەمان بە خۆمان هەیە و هەست بە بەهێزی دەكەین كە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجامێكی باش بەدەستبهێنین، دەبێت خاڵی بەهێز و لاوازی یانەی بەرامبەر بزانین.

ئاماژەی بەوەشدا، بێلینگهام بەردەوام ئاستێكی نایابی هەبووە و ئێستاش لەگەڵ ئەو یانەیە باشتر دەردەكەوێت، ئەنچیلۆتیش راهێنەرێكە كە بە ئاسانی ناتوانیت ستایشی بكەیت چونكە زۆر نایابانە یاریزانەكان لەگەڵ شێوازی یاریكردنیدا دەگونجێنێت.

دەشڵێت، پێكان بەشێكە لە تۆپی پێ و والكەر و ئاكێ ناتوانن بەشداری ئەو یاریە بكەن، گومانیش هەیە لەوەی گڤاردیۆل بتوانێت یاری بكات، شتەكان بۆ هەردوولا بە هەمان شێوەن چونكە ریاڵ مەدریدیش لەم وەرزەدا بەدەست پێكانی زۆرێك لە ئەستێرەكانیەوە ناڵاندویەتی.