
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، دووپات لەوە دەكاتەوە كە تا دێت خشتەی یارییەكان ئاڵۆزتر و زۆرتر دەبێت و یاریزانەكان ماندوو دەكرێن. گوتیشی "پاڵەوانێتییەكانی سەر بە فیفا و یوفا تا دێن زیاتر دەبن و گوشار لەسەر یاریزانەكان زیاتر دەبێت".
لە كۆنگرەی رۆژنامەڤانی ، پێپ گواردیۆلا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان كرد و لە بەشێكی قسەكانیدا گلەیی لە فیفا و یوفا كرد و گوتی "راستگۆیانە قسە بكەم، پاڵەوانێتییەكانی سەر بە فیفا و یوفا تا دێن زیاتر دەبن. جامی جیهانی 2026 تیپی زیاتر بەشداری تێدا دەكەن. نازانم چەند تیپ بەشداری ئەم مۆندیالە دەكەن".
ئەو زیاتر گوتی "جامی جیهانی یانەكان پاڵەوانێتییەكە لە رابردوودا تەنیا براوەی چامپیۆنزلیگی ئەوروپا و براوەی جامی لیبرتادۆرێس بۆ یانەكانی ئەمریكای باشوور كۆدەكردەوە، كە تەنیا لە دوو تیپی براوە پێكهاتبوو. دواتر بوو بە هەشت تیپ و بۆ دوانزە تیپ زیاد دەبێت، و نازانم لە داهاتوودا چی روودەدات".
ئەو گوتیشی "لە هەمانكاتدا یاریزانەكان لە ژێر گوشارێكی زۆردان و سەختە بۆ یاریزانەكان مامەڵە لەگەڵ ئەو گوشارەدا بكەن. ئەوان زۆر حەز لە یاری تۆپی پێ دەكەن، بەڵام پێویستییان بە كات هەیە بۆ ئەوەی لە ماندووبوون و گوشارەكان چاكببنەوە، ئەوان لەبەردەم 60 هەزار یان 55 هەزار بینەر یاری دەكەن و وزەیەكی زۆری جەستەیی و دەروونی دەوێت و هەفتانە ئەو كارە دەكەن و تاوەكو كۆتایی بەردەوام دەبن، پێموایە ساڵانە خراپتر دەبێت. نازانم چۆن كۆتایی دێت، بەڕاستی نازانم".