لە چەند رۆژی رابردوودا رۆژنامەكان باسیان لە داهاتووی ئیلكای گوندۆگان كردووە و ئەو یاریزانەش ئامادەیی خۆی بۆ رۆیشتن دەربڕیوە بەڵام تا ئێستا نازانرێت دەچێتە كام یانە.

رۆژنامەی موندی دیپۆرتیڤۆ بڵاویكردەوە كە گوندۆگان بڕیاری جێهێشتنی بەرشەلۆنەی داوە و ئارەزووی گەڕانەوەی بۆ یانەی مانچستەر سیتی هەیە.

لە نوێترین پێشهاتدا، فابریزیۆ رۆمانۆی شارەزا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان رایگەیاند، پیپ گواردیۆلای راهێنەری مانچستەر سیتی رەزامەندی لەسەر گەڕانەوەی یاریزانە ئەڵمانیەكە دەربڕیوە.

فابریزیۆ دەڵێت، گواردیۆلا دەیەوێت گوندۆگان بگەڕێتەوە و لە ئێستادا گفتوگۆ لەگەڵ كەسە نزیكەكانیدا دەكەن، یەكەم پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوان هەردوولا ئەنجامدراوە.

جگە لەوەش، یانەی بەرشەلۆنەش ئارەزووی رۆیشتنی ئەو یاریزانە دەكەن و یانەكانی سعودیە و قەتەڕیش دەیانەوێت گرێبەستی لەگەڵدا ئیمزا بكەن.

لەلایەكی تریشەوە، گوندۆگان لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا وازهێنانی خۆی لە یاری نێودەوڵەتی بە یەكجاری راگەیاند.