جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە مەراسیمێكی تایبەتدا لە كۆشكی سپی ئەمریكا میدالیای ئازادی بەخشی بە 19 كەسایەتی، لە نێویاندا ناوی لیۆنێل مێسیش هەبوو.

بەڵام ئەوەی بووە جێی سەرسوڕمانی میدیاكان، ئەستێرە ئەرجەنتینییەكە ئامادەی مەراسیمەكە نەبوو بۆ وەرگرتنی میدالیای رێزلێنانەكە، ئەوەش وایكرد لە مەراسیمەكەدا بە هیچ جۆرێك بە ئاماژە بە ناوی نەكرێت بەڵام دواتر هەژماری فەرمی كۆشكی سپی لە پلاتفۆڕمی ئێكس لیستی ئەو كەسایەتیانەی كە رێزلێنانیان لێنراوە بڵاوكردەوە و ناوی لیۆنێل میسیشی تێدابوو.

لە ئێستادا هۆكاری بەشداری نەكردنی ئەستێرەكەی تۆپی پێ لە مەراسیمەكە رونبوەتەوە و دەركەوتووە لە كاتی پشووەكانیدا چاوی بە كۆمەڵێ هاوڕێی منداڵی كەوتووە لە لە یاریگای نیوێڵز ئۆڵد بۆیس لە شاری رۆزاریۆی ئەرجەنتین و لەبەر ئەوەش نەگەڕاوتەوە ئەمریكا و بەشداری مەراسیمەكەی نەكردووە.

جێی باسە، لیۆ پاش بەدەستهینانی جامی جیهانی ساڵی 2022 بەتەواوی خۆی لە بەشداری لە مەراسیم و ئاهەنگەكانی خەڵات وەرگرتن و رێزلێنان دوورخستوەتەوە و خۆشی چەندینجار دوپاتیكردوەتەوە لە ئێستادا تەنیا بۆ چێژ یاری دەكات و ئەوەی پێویستی بووە لە تۆپی پێدا بەدەستیهێناوە.