میگێل گالان شارەزای یاساكانی لالیگا و تۆپی پێی ئیسپانیا ئاشكرایكردووە، خاڤیێر تیباس سەرۆكی لالیگا بووەتە هۆی ئەوەی نیكۆ لە چوونی بۆ بەرشەلۆنە پەشیمان ببێتەوە.

گالان ئاشكرایكردووە، تیباس كۆبوونەوەی لەگەڵ جۆن ئوریاتی سەرۆكی ئەتلیتیك بلباو كردووە و زانیاری لەبارەی دۆخی دارایی بەرشەلۆنە بەو یانە داوە، ئەوانیش زانیارییەكانیان بەكارهێناوە بۆ ئەوەی هێرشبەرە ئیسپانییەكە لە چوونی بۆ یانە كەتەلۆنییەكە پەشیمان بكەنەوە.

هەروەها ئاشكرابووە، تیباس بە سەرۆكەكەی بلباوی راگەیاندووە، بەرشەلۆنە هێشتا نەگەڕاوەتەوە بۆ یاسای یاریی خاوێن و ناتوانێت ناوی نیكۆ تۆماربكات، سەرۆكی یانە باسكییەكەش ئەو هەلەی قۆستووەتەوە و دوو هێندە بابەتەكەی گەورە كردووە، تا ئەو كاتەی ویلیامز بڕیاریداوە گرێبەستەكە نوێبكاتەوە.

نیكۆ لە سەرەتای ئەم مانگە نزیكبوو لەوەی بچێتە بەرشەلۆنە و هەموو دەنگۆكان هەواڵەكەیان پشتراستكردەوە، بەڵام لەپڕ هەموو شتێك پێچەوانە بووەوە ئەستێرەكەی بلباو لە یانەكەی مایەوە.

نیكۆ ویلیامز هێرشبەرێكی ئیسپانییە و تەمەنی 22 ساڵە، گرێبەستەكەی تا هاوینی 2027 نوێكردەوە و نرخی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بری 70 ملیۆن یۆرۆیە.