
ئەلڤارۆ مۆراتای ئیسپانی و هێرشبەری یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی لە یەكەم هەفتەی سێریا ئەیدا لە یاری یانەكەی بەرامبەر تۆرینۆ تووشی پێكانێكی سوك هات بەڵام یاریەكەی تەواو كرد.
لە نوێترین پێشهاتدا، پێگەی فوتبۆڵ ئیتاڵیا بڵاویكردەوە، یانەكەی شاری میلانۆ گورزێكی كوشندەی بەركەوت بەهۆی ئەوەی پێكانەكەی مۆراتا لەوە مەترسیدار تر بووە كە چاوەڕێیان كردووە.
پێگەكە رایگەیاندووە، ئەو یاریزانە ماوەی سێ هەفتە لە یاریگاكان دووردەكەوێتەوە و بەو هۆیەش بەشداری دوو یاری داهاتوو بەرامبەر پارما و لازیۆ ناكات، جگە لەوەش بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ نەیشنز لیگ ناكرێت.
ئەو پێگەیە دوپاتیكردووەتەوە، راهێنەری میلان خۆی هۆكار بووە كە مۆراتا تووشی ئەو پێكانە ببێت بەهۆی ئەوەی پێش یاریەكەی تۆرینۆ هەستی بە ئازار كردووە بەڵام فۆنێكسای راهێنەر لە تایمی دووەمی ئەو یاریەدا بەشداری پێكرد.