یانەی بەرشەلۆنە چوار هەفتەی یەكەمی خولی ئیسپانیای بە درەوشانەوە و بەدەستهێنانی 12 خاڵ بەڕێكرد، ئەوەش مشتومڕی لەنێو میدیاكاندا لێكەوتەوە بە تایبەتی كە پێش ریاڵ مەدرید كەوتووە.

رۆژنامەی سپۆرت دوپاتیكردەوە، هانسی فلێك سەركردەی ئاستبەرزی بەرشەلۆنەیە، بە تایبەت كە لە سەرەتای بوون بە راهێنەری یانەكە خۆی لە پرسیارە جۆراوجۆرەكانی رۆژنامەنووسان بەدوور گرتووە.

سەرچاوەكە هۆكارێكی دیكە بە پشتبەستنی راهێنەرەكە بە یاریزانە لاوەكان دەگەڕێنێتەوە، بەو پێیەی فلێك متمانەی خۆی بە لامین یامال و پاو كوبارسی و مارك كاسادۆ و پاو ڤیكتۆر و مارك بێرناڵ و فێرمین لۆپێز دوپاتكردەوە.

هەروەها هانسی جیاوازتر لە چاڤی هێرناندیز هیچ هەست و سۆزێكی لەگەڵ بەرشەلۆنە و یاریزایانەكان نییە و بە تەواوی ئەوەی دەیەوێت دەبێت جێبەجێبكرێت.

سپۆرت ئاماژەی بەوەش كردووە، توانای جەستەیی یاریزانەكان بەرزبووەتەوە و فلێك تەنانەت رێگە بە یاریزانە یەدەگەكانیش نادات كە راهێنانە جەستەییەكان و سیستەمی خۆراكیان فەرامۆش بكەن، ئەوەش بووەتە هۆی زیاتر مانەوەی تەركیزی یاریزانەكان لە یاریگادا.