هێرشبەرە لاوەكەی ڕیال مەدرید، ئیندریك 17 ساڵ كە بە خواستن لەگەڵ یانەی پاڵمێراس یاری دەكات، لە دوای ڕۆناڵدۆ نازاریۆ دا لیما لە ساڵی 1993 بووەتە بچووكترین یاریزان كە پەیوەندی بە هەڵبژاردەی بەڕازیلەوە بكات.

ئەگەری ئەوە هەیە لاوەكەی سامبا لە یارییەكانی داهاتووی بەڕازیلدا لە هێڵی هێرشبردن شانبەشانی هەردوو ئەستێرەی ڕیال مەدرید، ڤینیسیۆس جونیۆر و ڕۆدریگۆ گۆس دەربكەوێت و ئەمەش ئەوەیە كە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ڕیال مەدرید خەونی پێوەدەبینی كاتێك بڕیاریدا گرێبەستی لەگەڵدا بكات كە سێ یاریزانی نێودەوڵەتی بەڕازیلی لە هێڵی هێرشبەری شاهانە بن.

پێشبینی دەكرێت ئیندریك لە دوو یاری داهاتووی بەرازیل لە پاڵاوتنەكانی مۆندیالی 2026 بەشداری بكات، ئەویش لە 17 و 22ی ئەم مانگە بەرامبەر كۆڵۆمبیا و ئەرجەنتین یاری بكات وە دەرفەتێكە بۆ یاریزانەكە بۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل بدرەوشێتەوە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی دابەزینی ئاستی ڕۆبێرتۆ فیرمینۆی یاریزانی یانەی ئەهلی سعودیە و بەردەوامی پێكانی گابرێل خیسوس و نەیمار.

فێرناندۆ دێنیس ڕاهێنەری كاتی بەڕازیل دەڵێت: ئەندریك توانای ئەوەی هەیە ببێتە یەكێك لە باشترین یاریزانەكان، بانگهێشتكردنی بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی پاداشتێكە بۆ ئەو شتانەی پێشكەشی دەكات.

ئەندریك كە بە پێی چەپ یاری دەكات، لەم وەرزەدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەكاندا 11 گۆڵی لەگەڵ پاڵمێراس تۆماركردووە، هەروەها سەركردایەتی یانەكەی كرد بۆ قۆناغی پێش كۆتایی جامی لیبرتادۆرێس پێش ئەوەی بە لێدانی سزا بە بۆكا جونیۆرزی ئەرجەنتین بدۆڕێت.

بەهای ئەو یاریزانە لە بازاڕدا لە ساڵی ڕابردوو 15 ملیۆن یۆرۆ بووە ، ئەمساڵ بووە بە 25 ملیۆن یۆرۆ ، بەردەوامیش لە بەرزبوونەوەدایە، بەو پێیەی شارەزایان پێشبینی دەكەن تا كۆتایی ئەم وەرزە 40 ملیۆن یۆرۆ تێپەڕێنێت، ئەگەر لە هەمان ئاستدا بەردەوام بێت.