تۆڕی وەرزشی بۆلاڤیپ بڵاویكردەوە، سێ یاریزان پەشیمانن بە یاریكردن لە خولی ڕۆشنی سعودیە كە كەریم بنزیمەی هێرشبەری فەرەنسی و یانەی ئیتیحاد یەكێكە لە یاریزانەكان.

لە ڕاپۆرتەكەی تۆڕەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، كە خولی ڕۆشنی سعودی بە یەكەم قەیرانی گەورەی خۆیدا تێدەپەڕێت، بەو پێیەی لە ئێستادا دەنگۆی هیچ گرێبەستێكی گەورە نییە و هەندێك یاریزانیش بەدەست گومانەوە دەناڵێنن لە توانای درەوشانەوەیان لە خولەكە، وەك كەریم بنزیمە و ڕۆبێرتۆ فیرمینۆی بەڕازیلی و هێندێرسۆنی ئینگلیزی.

تۆڕی بۆلاڤیپ جەختیشی لەوە كردووەتەوە، كە داهاتووی ئەو سێ ئەستێرەیە و بەردەوامبوونیان لە سعودیە نادیارە و ئەگەری بەهێزیش هەیە كە یەكێك یان هەموویان لەماوەی زستانی ئێستای بگەڕێنەوە ئەوروپا، بەتایبەتی هێندێرسۆن كە داواكراوە لەلایەن یانە ئینگلیزیەكانەوە.

یانە سەرەكییەكانی خولی سعودیە لەڕێگەی سندوقی وەبەرهێنانی گشتییەوە، كۆمەڵی گرێبەستی گەورەیان ئەنجامدا بەڵام بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكانی سعودیە، ئەم پشتگیرییە بەرچاوە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئێستادا بەردەوام نابێت.

بازاڕی زستانەی ئێستا جیاواز دەبێت لە هاوینی ڕابردوو، كە تیایدا یانەكانی خولی ڕۆشنی سعودی زۆرترین پارەیان لە تەواوی ماوەی گواستنەوەكاندا خەرجكرد، لە ئێستادا یانەكان لە كاتی هێنانی یاریزاندا دەبێت پشت بە پارەی خۆیان دەبەستن.