لە پێشهاتێكی نوێدا، میدیاكانی مەدرید ئاشكرایانكردووە كە فلۆرینتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید، سەبارەت بە بابەتی چوونی كیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی یانەی پاریس سانجێرمان بۆ ریال مەدرید، هۆشداری داوەتە كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەر و یاریزانەكانی.

 بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆكی یانەی ریال مەدرید، پەیوەندییەكی بەپەلەی لەگەڵ كارلۆ ئەنچێلۆتی ئیتاڵی، راهێنەری یانەی مێرینگێ، سەبارەت بە گرێبەستی كیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان كردووە.

 كارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمان بڕیاریدا ئێمباپێ لە گەشتی هاوینەی یانەكە بۆ ژاپۆن و كۆریای باشوور دووربخاتەوە، كە لە ماوەی 22ـی تەمموز دەستیپێكردووە و تاوەكو 3ـی ئاب بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەری بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتووی.

 بەگوێرەی تۆڕی دیفێنسا سێنتڕاڵی ئیسپانی، پێرێز بەپەلە پەیوەندی بە ئەنچێلۆتییەوە كردووە و پەیامێكی روونی بە ئەنچێلۆتی داوە و پێیگوتووە "نابێت خۆت و یاریزانەكانت هیچ شتێك لەبارەی ئێمباپێیەوە بۆ راگەیاندنەكان بڵێن، تەنانەت خودی خۆشت بیر لەوە مەكەرەوە هیچ شتێك لەسەر ئەم بابەتە بڵێیت".

 ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش داوە كە پێرێز فەرمانێكی روونیشی دەركردووە بۆ ئەوەی رێگری بكات لە هەر یاریزان و هەر كەسێك كە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە هەبێت، لە كاتی كەمپی ئامادەكاریدا قسە بۆ رۆژنامەڤانان لەسەر ئێمباپێ و هەر بابەتێكی دیكە بكات.