
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، چەند جارێك ناوی كارلۆ ئەنچیلۆتی و پیپ گواردیۆلا بە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی بەرازیلەوە گرێدراوە بەڵام لە كۆتاییدا دۆریڤال جۆنیۆر بووە بە راهێنەری ئەو هەڵبژاردەیە.
لە نوێترین پێشهاتدا، رۆژنامەی زە ئەتلەتیكی بەڕیتانی بڵاویكردەوە، یەكێتی تۆپی پێی بەرازیل لە ئەمساڵدا چەندین جار هەوڵی ئەوەیداوە ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیان بە پیپ گواردیۆلا ببەخشن.
ئەو رۆژنامەیە ئاشكرایكردووە، راهێنەرە ئیسپانیەكە بیرۆكەی سەرپەرشتی كردنی هەڵبژاردەی بەرازیلی بەدڵە بەڵام كێشەكە ئەوەیە داهاتووی لەگەڵ مانچستەر سیتی یەكلانەكردووەتەوە.
دەشڵێت، بەرپرسانی مانچستەر سیتی دەیانەوێت بە خێرایی داهاتووی پیپ گواردیۆلا یەكلابكەنەوە بە مانەوە یان رۆیشتن چونكە گرێبەستەكەی لە كۆتایی ئەم وەرزەدا لەگەڵ ئەو یانەیە تەواو دەبێت.
رونیشیكردووەتەوە، بەرپرسانی وەرزشی بەرازیل چەند جارێك پەیوەندیان بە پیپ گواردیۆلاوە كردووە تا بۆچونی بزانن لە وەرگرتنی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەكەیان بەڵام تا ئەم ساتە ئەو بابەتە یەكلانەبووەتەوە.