
یەكێتی تۆپی پێی نەرویج بڵاویكردەوە، بەهۆی ئاستە بەرزەكەی و كاریگەرییە زۆرەكەی لە یاریگادا ئێرلینگ هالاند بە باشترین یاریزانی وڵاتەكەیان دیاریكراوە بۆ ساڵی 2024.
هالاند بۆ پێنجەم جار لەسەریەك خەڵاتی باشترین یاریزانی نەرویجی بەدەستهێنا، ئەم جارەش ركابەرییەكەی لە مارتن ئۆدیگاردی یاریزانی ئارسناڵ و هەردوو كچە یاریزان، ئادا هێگەربێرگ و كارۆلین گراهام هانسن بردەوە.
هالاند دوای وەرگرتنی خەڵاتەكە وتی: شانازی دەكەم بە پۆشینی درێسی نەرویج و هەرچیم لە توانادابێت دەیكەم لە پێناویدا، هەروەها لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتیش بە هەمان شێوە.
ئێرلینگ هالاند تەمەنی 24 ساڵە و لەگەڵ هەڵبژاردەی یەكەمی وڵاتەكەی 39 یاری ئەنجامداوە و سەركەوتوو بووە لە تۆماركردنی 38 گۆڵ و چوار ئەسیست لەگەڵیاندا.