ڕۆژنامەی زەسەنی بەریتانی هەڵوێستی مانچستەر سیتی لەبارەی فرۆشتنی ئێرلینگ هالاندی هێرشبەر و گۆڵكاری یانەكەی بە یانەی ڕیال مەدرید لە هاوینی داهاتوودا ڕوونكردەوە.

لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە هالاندە ئارەزووی پەیوەندی كردن بە ریاڵ مەدریدەوە دەكات و یانە ئیسپانیەكەش خواستی گواستنەوەی ئەستێرەكەی هەیە ئەمە لە كاتێكدا هالاند تا مانگی حوزەیرانی ساڵی 2027 گرێبەستی لەگەڵ مانچستەر سیتی هەیە.

بەپێی ڕۆژنامەیی ئاسی ئیسپانی، لە گرێبەستەكەی هالانددا بە پێی بڕگەیەك لە هاوینی داهاتوودا یانەكانی دەرەوەی پریمەرلیگ دەتوانن بە بەهای 100 ملیۆن یۆرۆ یاریزانەكە بگوازنەوە.

هەر بەپێی بڵاوكراوەكانی رۆژنامەی ئاس، ئەگەر یانەی ڕیال مەدرید لە مانگی تەمموزی داهاتوودا سەركەوتوو نەبێت لە گواستنەوەی كیلیان مباپێ بە خۆڕایی، ئەوا هالاند دەبێتە ئامانجی داهاتووی یانە ئیسپانییەكە بۆ بەهێزكردنی هێڵی هێرشبەری.

بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەكەی ڕۆژنامەی زە سەن، یانەی مانچستەر سیتی بە هیچ شێوەیەك بەنیازی ئەوە نییە دەستبەرداری هالاند بێت، گرنگ نییە ریاڵ مەدید چەندێك هەوڵی گواستنەوەی ئەستێرەكەی یانەكەیان بدات.

مانچستەر سیتی دەیەوێت گرێبەستی هالاند نوێ بكاتەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لەگەڵ یانەكە بە زیادكردنی بەرچاوی مووچەكەی بۆ ئەوەی ببێتە بەرزترین مووچە لە نێو یاریزانانی خولی ئینگلتەرا.