
دوای ئەنجامە خراپە بەردەوامەكانی یانەی پاریس سان جێرمان لەم وەرزە و چەند ساڵی پێشووتردا، دەستەی هاندەرانی یانەی پاریس سان جێرمان هەڵوێستیان وەرگرتوە.
دەستەكە لە بەردەم شوێنی مەشق و راهێنانەكانی یانەكەیان خۆپیشاندانێكی ناڕەزایەتیان رێكخست و چەندین لافیتە و دروشمـی جیاوازیان بە رووی یاریگاكەدا بەرزكردووەتەوە.
ئەو هاندەرانەی پاریس لە رێگەی دروشمەكانەوە هۆشداری توندیان داوەتە یاریزانەكان و ئاگاداریان كردوونەتەوە كە هەستن لە خەو و ئاگاداری شەپۆلی توندیان بكەن لە داهاتوودا.
دوپاتیشیانكردووەتەوە، كە لە ئێستاوە ڕێزی هیچ كەسێكیان ناگیرێت و شایستەی ئەوە نین كە ڕێزیان بگیرێت، بە یاریزانەكانیش دەڵێن كە ئەوان نوێنەرایەتی شارەكەیان ناكەن و ئێستا ئەو پاریس سان جێرمانە نییە كە جیهان دەیناسێت.
ئەو هاندەرانە لە بەردەوامی دروشمەكانیاندا، تیرەكانیان ئاڕاستەی ناسر خلێفی سەرۆك و سەرجەم ئەندامانی كارگێڕی یانەكەیان كردووە و داوایان لێدەكەن دەستلەكار بكێشنەوە و یانەكە جێبهێڵن.