
پێگەی فوتبۆڵ ئینسایدەری بەڕیتانی هەواڵێكی چاوەڕوان نەكراوی لەسەر گرنگیدانی یانەیەكی گەورەی پریمەر لیگی بە هاری كەینی هێرشبەری بایرن میونشن بڵاوكردەوە.
پێگەكە ئاماژەی بەوەداوە، جارێكیتر ئەگەری گەڕانەوەی هاری كەین بۆ خولی نایابی ئینگلتەرا هەیە بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی یانەی چێڵسی دەیانەوێت بیگوازنەوە ریزەكانی یانەكەیان.
ئاشكراشیكردووە، ماوەی دوو هەفتەیە یانە لەندەنیەكە چاودێری بارودۆخی هێرشبەرە ئینگلیزیەكە لەگەڵ یانە ئەڵمانیەكە دەكەن و پێیانوایە ئەو یاریزانە یانەكە جێدەهێڵێت ئەگەر لەم وەرزەدا هیچ نازناوێكی لەگەڵدا نەباتەوە.
دووپاتیشیكردووەتەوە كە خاوەنی یانەی چێڵسی ئامادەیە ئەو بڕە پارەیە بداتەوە بە بایرن میونش كە هاری كەینیان لە تۆتنهامەوە پێگواستەوە كە بڕەكەی 95 ملیۆن یۆرۆ بوو لە پێناو بەهێزكردنی هێڵی هێرشبردنیان بۆ وەرزی داهاتوو.
هاری كەین لە هاوینی ئەمساڵ گرێبەستی لەگەڵ یانە ئەڵمانیەكە ئیمزاكرد و تا ئەم ساتە بە تۆماركردنی 25 گۆڵ لە پێشەنگی گۆڵكارانی خولی ئەڵمانیدایە، گرێبەستەكەشی لە هاوینی 2027 كۆتاییدێت.