
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە یاری كۆتایی یۆرۆ بەرامبەر ئیسپانیا شكستیهێنا و پاش یارییەكەش، هاری كەینی كاپتنی هەڵبژاردەكە رایگەیاند، شكستهێنان لە یاری كۆتایی زۆر سەختە، هەرچەندە گەڕانەتەوە نێو كەشی یارییەكە بەڵام وزەی پێویستیان نەبووە بۆ بەردەوام بوون لە فشارخستنە سەر بەرامبەر.
سەبارەت بەوەی نەیانتوانی لە فشارخستنە سەر ئیسپانیا بەردەوام بن كەین وتی: ئەوە تۆپی پێیە، نەمانتوانی بە هەمان چڕی بەردەوام بین لە فشارخستنە سەر بەرامبەر چونكە پێیەكانمان ماندوو بوون و ماندوێتی زاڵ بوو بەسەرماندا، ئەنجامی یاریش لەم جۆرە ساتەوەختە گەورەكاندا دیاری دەكرێت، ئەوان تۆپێكیان لەسەر هێڵەكە دەرهێنایەوە لە كاتێكدا هەمووان لەرووی جەستەی و دەروونیەوە ماندوو بوون.
كاپتنەكەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا نا ئومیدی خۆشی نەشاردەوە و باسی لەوەكرد، لە ئێستادا ئەوان دڵگران و تێكشكاون چونكە لەدەستدانی نازناوەكە تەنیا بۆ ئەوان سەخت نەبووە بەڵكو بۆ هەواداران و ئەو كەسانەشی پشتگیریانكردوون سەخت بووە.
دەربارەی دەست لەكاركێشانەوەی ساوسگەیتیش وتی: ئێمە ڕاهێنەرمان خۆشدەوێت، بەڵام ئەمە بڕیاری تایبەتی خۆیەتی، ئێستا كاتی ئەوە نییە باسی ئەم بابەتە بكەین و كاتێك هەلێكی بۆ ڕەخسا بیری لێدەكاتەوە.