
لە ماوەی رابردوودا، رۆژنامەكان باسیان لەوە كردووە كە یانەی هیلالی سعودی نزیكە لەوەی تواناكانی سعود عەبدولحەمیدی بەرگریكاری باڵی راستی یانەكەیان لەدەستبدەن بەهۆی نزیكبونەوەی ئەو یاریزانە لە یانەی رۆمای ئیتاڵی.
لە نوێترین پێشهاتدا، رۆژنامەی ریازیەی سعودی ئاشكرایكردووە، بەرپرسانی یانە سعودیەكە ئیمزاكردنی گرێبەستیان لەگەڵ كایل والكەری ئینگلیزی و یاریزانی یانەی مانچستەر سیتی كردووەتە ئامانج.
ئەو رۆژنامەیە دووپاتیكردووەتەوە، كارگێڕی هیلال دەیانەوێت والكەر بكەنە شوێنگرەوەی سعود عەبدولحەمید لە وەرزی داهاتوودا و بۆ ئەو بابەتەش پەیوەندی تەلەفۆنیان لەگەڵ بەرپرسانی مانچستەر سیتی ئەنجامداوە.
دەشڵێت، لە ئێستادا یانە سعودیەكە چاوەڕێی وەڵامی مان سیتی دەكەن و دەیانەوێت لە مێركاتۆی هاوینەی ئێستادا و پێش دەستپێكردنی وەرزی نوێ ئەو یاریزانە بگوازنەوە ریزەكانی یانەكەیان.
والكەری 34 ساڵ لە 2017ەوە لە تۆتنهامەوە پەیوەندی بە مان سیتیەوە كردووە و تا هاوینی 2026 گرێبەستی لەگەڵ ئەو یانەیە هەیە، نرخی لە بازاڕی گواستنەودا 13 ملیۆن یۆرۆیە.