لە یاری نێوان ڤیكتۆریا ئازارێنكای بیلاڕوسی و ئیلینتا سڤیتۆلینای ئۆكرانی كە بە بردنەوەی یاریزانە بیلاڕوسیەكە كۆتاییهات، هیچ نزیكبونەوەیەك لە نێوان هەردوو یاریزانەكە روینەدا كە وەك پیشەی هەمیشەیی یاریەكە هەردوو یاریزانەكە دەبێت دوای یاریەكە تەوقە بكەن پێكەوە.

ئەو دیمەنەش كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و هاندەرانی ناو یاریگای شۆكبوون پێیی بەڵام دوای یاریەكە ئازارێنكای بیلاڕوسی ئاشكرایكرد كە یاریزانە ئۆكرانیەكان بڕیاریانداوە دوای هەر یاریەك دەست لە دەستی هیچ یاریزانێكی روسی و بیلاڕوسی نەدەن و ئەویش رێزی بڕیاری وڵاتی ئۆكرانیا و یاریزانەكانی گرتووە.

یاریزانە بیلاڕوسیەكە دەڵێت، دڵنیابن سڤیتۆلینای ئۆكرانی هۆكاری ئەو بارودۆخە نییە بەڵكو ئەوە بڕیارێكە كە لەسەروو ئەوەوە دراوە و بە پێچەوانەوە ئەو هاوڕێمە و گفتوگۆشمان پێكەوە كردووە.

رونیشیكردەوە، پێویست ناكات هاندەران لە یاریگادا كوێرانە هوتاف بڵێن چونكە دەبێت ئەوان سەرنجیان زیاتر لەسەر یاریەكە بێت نەك ئەو بابەتە لاوەكیانە، ئێمە رێزی ئۆكرانی و یاریزانەكانیان دەگرین كە پێشتر بڕیارێكیان داوە.