لە جامی فەڕەنسا پاریس بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك شكستی بە نیس هێنا و گەیشتە قۆناغی پێش كۆتایی.

لە یارییەكی قۆناغی چارەكی كۆتایی جامی فەڕەنسا پاریس سان جێرمان لە یاریگای خۆیدا میوانداری نیسی كرد.

لە تایمی یەكەم پاریس بە بەهێزی دەستیپێكرد و لە خولەكەكانی 14 و 33 دوو گۆڵی لەڕێی یاریزانان مباپێ و ڕویزەوە تۆماركرد، لە بەرامبەردا لە خولەكی 37 لابۆردی جیاوازیەكەی بۆ نیس كەمكردەوە بۆ گۆڵێك و ئەو تایمە بەو ئەنجامە كۆتایی پێهات.

لە تایمی دووەم كوڕانی ئینریكی دووبارە كۆنترۆڵی یارییەكەیان كرد، لە خولەكی 60 بێرالدۆ گۆڵی سێیەمی بۆیان تۆماركرد و پاش ئەو گۆڵەش هەردوولا هەوڵیاندا تۆڕی یەكتر بهەژێنن بەڵام سەركەوتوو نەبوون و سەرەنجام یارییەكە بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك لە بەرژەوەندی پاریس كۆتایی پێهات.

بەم ئەنجامەش پاریس سەركەوت بۆ قۆناغی پێش كۆتایی و تێدا ڕوبەڕووی ڕینس دەبێتەوە، نیسیش ماڵئاوایكرد.