
لە مەراسیمێكی فەرمیدا، یەكێتی كۆنیفا تیروپشكی قۆناغی كۆمەڵەكانی جامی هەرێمەكانی 2024ی راكێشا كە بڕیارە یارییەكانی لە هاوینی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.
هەڵبژاردەی كوردستان لە كۆمەڵەی یەكەمی جامەكەدایە شانبەشانی هەڵبژاردەكانی كشمیر و تامیل ئیلام و كیرنۆو، لە كۆمەڵەی دووەمیشدا هەڵبژاردەكانی پەنجاب و رایتیا و ئۆستێتای باشوور و تایكینۆ دەبینرێن.
جگە لەوانەش شەش هەرێمی تریش بەشدارن لە پاڵەوانێتییەكەدا و دابەشكراون بەسەر كۆمەڵەكانی سێیەم و چوارەمدا بە شێوەیەك هەر كۆمەڵەیەك لە سێ هەرێم پێكهاتووە.
بڕیارە یاری دەستپێكی جامی هەرێمەكان لە مانگی 25ی حوزەیرانی ئەمساڵ دەستپێبكات و یاری كۆتاییش لە شەشی تەموز بەڕێوەدەچێت.
لە ماوەی رابردوودا شاندێكی كۆنیفا گەشتی هەرێمی كوردستانیان كرد و دوای سەردانی كردنی شارە كوردییەكان و بینینی سەرجەم یاریگاكان بڕیاریاندا میوانداری كردنی پاڵەوانێتییەكە بدەن بە هەرێمی كوردستان.