
لە یەكەم یاریی قۆناخی پێشكۆتایی پاڵەوانێتییەكەدا، هەولێر لە بەغدا رووبەڕووی یانەی حدوود بووەوە و یارییەكەی بە گۆڵێكی بێبەرامبەر بردەوە و بۆ یەكەمجار لە مێژوویدا خۆی گەیاندە یاریی كۆتایی پاڵەوانێتییەكە.
هەولێر لە نیوەی یەكەمی یارییەكەدا بە ئاستێكی بەرزەوە دەركەوت، بەڵام نەیتوانی گۆڵ بكات و نیوەی یەكەم بەیەكسانبوون بەبێ گۆڵ كۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمی یارییەكەدا هەولێر درێژەی دایە هێرشەكانی و لە خولەكی 52 مەحموود خەلیل، گۆڵی پێشكەوتنی بۆ یانە زەردپۆشەكە تۆماركرد و هەولێری پێشخست.
دوای ئەم گۆڵە حدوود هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی ئەنجامەكە راستبكاتەوە، هەولێریش بەرگرییەكی باشی لە گۆڵەكەی كرد و یارییەكە بە گۆڵێكی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندیی یانەی هەولێر كۆتاییهات و یانەكە بۆ یەكەمجار لە مێژوویدا گەیشتە یاریی كۆتایی جامی عێراق.
هەولێر لە یاریی كۆتایی جامی عێراقدا، بەرامبەر براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی قوە جەوییە و كەرخ یارییدەكات، كە رۆژی سێشەممە لە دووەم یاریی ئەم قۆناخەدا رووبەڕووی یەكدەبنەوە.