جیرۆنا تانە لە بڕیاری راگیرانی راهێنەرەكەی و دانی بلیند دەدات لە پێناو ئامادەبوونیان بەرامبەر ریاڵ مەدرید.

بە گوێرەی بڵاوكراویەكی رۆژنامەی ماركا، یانەی جیرۆنا دەیەوێت تانە لە بڕیاری راگیرانی میشێل و دانی بلیندی راهێنەر و بەرگریكاری یانەكەی بدات لە پێناو ئەوەی بەرامبەر ریاڵ مەدرید بتوانن ئامادەبن.

میشێل لە یاری یانەكەی بەرامبەر ڕیال سۆسیداد لە گەڕی 23ی خولی ئیسپانیا كە بە یەكسانبوونی بێ گۆڵ كۆتایی هات كارتێكی سووری لە دوا خولەكەكاندا وەرگرت، بلیندیش پێنجەم كارتی زەردی وەرگرت و بەهۆی كەڵەكبوونی كارتە زەردەكانیشیەوە لە یارییەكەی بەرامبەر ریاڵ مەدرید دادەبڕێت.

وا بڕیارە رۆژی شەمەی داهاتوو هەردوو یانەی ریاڵ مەدرید و جیرۆنا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ روبەڕوی یەكتر ببنەوە لە یارییەكانی هەفتەی 24ی لالیگا.