پێش یاری یانەكەی بەرامبەر ئینتەر لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێش كۆتایی چامپیۆنز لیگدا، ستیفانۆ پیۆلی راهێنەری ئەی سی میلان رایگەیاند، هێشتا دەرفەتێكی گەورەیان لەبەردەمدایە و دەیانەوێت ئەو چاوەڕوانیە هەڵوەشێننەوە كە هاندەران تامەزرۆیین.

پیۆلی وتی: كەم كەس هەبوو چاوەڕێی ئەوەی كردبێت كە میلان بگاتە قۆناغی پێش كۆتایی چامپیۆنز لیگ و ئێستاش دەمانەوێت بگەینە یاری كۆتایی بۆ ئەوەش پێویستە بردنەوەیەكی گەورە بەدەستبهێنین و ئاستمان باشتر بێت لە یاری رابردوو.

وتیشی: رافاێل لیاو لە بارودۆخێكی باشدایە و بە سەركەوتوویی راهێنانەكانی تەواو كردووە، ئەگەر شتەكان بە باشی وەك پلانەكان بروات ئەوا لیاو و میسیاس و كرۆنیچ ئامادە دەبن لەو یاریەدا.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە ئینتەر ئەوەندە بەهێزە كە میلانی خستووەتە بارودۆخێكی سەختەوە، پیۆلی دوپاتیكردەوە، ئینتەر تیپێكی بەهێزە و خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی بۆیە ئەوانی خستوەتە ئەم بارودۆخەوە.

رونیشیكردەوە، یاریزانەكانی بە باشترین شێوە خۆیان ئامادەكردووە و سەرنجیان تەنیا لەسەر ئەوەیە بە ئاستێكی نایابەوە دەركەون و بە شێوازێكی سەرنجڕاكێش دەستپێبكەن.