
رۆژنامەڤانی ئیتاڵی فابریزیۆ رۆمانۆ، پێشهاتێكی نوێی لەسەر پێكانەكەی تیبۆ كۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیكیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشكرا كرد.
كۆرتوا لە سەرەتای وەرزدا نەشتەرگەری بۆ كرا، دوای ئەوەی گۆڵپارێزە بەلجیكییەكە لە كاتی مەشقەكانی ریال مەدریددا تووشی پچڕانی بەستەری ئەژنۆی بوو. كە ئەوكات پزیشكان رایانگەیاند، وەرزی كۆرتوا كۆتاییهات.
رۆژنامەڤانە ئیتاڵییەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە پێشبینی دەكرێت كۆرتوا لە كۆتا بەشی وەرزدا بگەڕێتەوە، واتە لە دەوروبەری مانگی نیساندا.
لە هەمان چوارچێوەدا یانەی ریال مەدرید لە بیست و شەشی مانگی ئایاری داهاتوو رووبەڕووی یانەی ریال بێتیس دەبێتەوە لە خولی ئیسپانیا، ئەمەش مانای وایە كۆرتوا لە كۆتایی ئەم وەرزەدا دەگەڕێتەوە و بەشداری لە بەشێك لە یارییەكانی ریال مەدرید دەكات، كە لەوانەیە یارییە یەكلاكەرەوە و گرنگەكان بن.
ریال مەدرید بەهۆی دووركەوتنەوەی كۆرتوا ناچارە پشت بەو بژاردانەی ئێستای ببەستێت، چ لە لالیگادا یان لە چامپیۆنزلیگ.
ریال مەدرید بەشێوەی خواستن گرێبەستی لەگەڵ كێپا ئاریزابالاگا گۆڵپارێزی یانەی چێڵسی كردووە، بۆ ئەوەی تاوەكو كۆتایی ئەم وەرزە جێگەی كۆرتوا بگرێتەوە.