
لە دوایین ڕۆژی گواستنەوەی هاوینەی ساڵی 2021 ئیدواردۆ كاماڤینگا بە گرێبەستێكی 40 ملیۆن یۆرۆی پەیوەندی بە یانەی ڕیال مەدریدەوە كرد و لە كۆتایی وەرزی 2021-2022 توانی ببێتە یەكێك لە یاریزانە كاریگەرەكانی یانەكە و رۆڵێكی گرنگی هەبوو لە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ ریاڵ مەدرید و تا ئێستاش حەوت نازناوی لەگەڵ یانەكەدا بەدەستهێناوە.
كاماڤینگا یاریزانێكی فرە پۆستە و چەندین جار بە پشتبەستن بە پێداویستییەكانی تیپەكە لە شوێنە جیاوازەكاندا یاری كردووە، پێگەی دڵخوازی ئەستێرە فەڕەنسییەكە هێڵی ناوەڕاستە بەڵام لە هێڵی بەرگری چەپیشدا سەركەوتوو بووە و زۆركات لەوێ پشتی پێدەبەسترێت.
كاماڤینگا لە لێدوانێكیدا بۆ تێلێفۆت ڕایگەیاند، هیچ كێشەیەكی نییە لە یاریكردن لە شوێنە جیاوازەكاندا، تەنانەت ئامادەیە ببێتە گۆڵچی لە ریاڵ مەدریدا ئەگەر ئەنچیلۆتی راهێنەر داوای لێبكات، ئەوەشی دوپاتكردەوە هیچ یانەیەك لە ریاڵ مەدرید باشتر نییە و دەیەوێت لە یانەكە واز لە یاریكردن بهێنێت.
وتیشی: یاریزانی زۆر هەیە نموونەی باڵان بۆ من، باشترینیان كریستیانۆ ڕۆناڵدۆیە، لە تۆپی پێدا گرنگە بە باشی ئاگاداری جەستەت بیت و لەشجوانی بە جددی وەربگریت، سەقامگیری و تێكەنچوون لە تۆپی پێدا بنەمایەكی گرنگە و دەبێت هەمیشە لە باشترین شێوەدا بیت.
سەبارەت بە پەیوەندیشی لەگەڵ ئەنچیلۆتی باسی لەوەكرد، پەیوەندیەكی هاوڕێیانە لە نێوانیاندا هەیە، راهێنەرەكە پێی وتووە ئەگەر گۆڵ تۆماربكات سەمای لەگەڵ دەكات و هێشتا چاوەڕێی گۆڵكردنی ئەوە، جەختیشی لەوەكردەوە لەم وەرزەدا دەیانەوێت ببنە پاڵەوانی خولی ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگ.