خۆرخی كۆكی، كاپتنی یانەی ئاتلێتیكۆ مەدریدی ئیسپانی، رەخنەی لە دەستەی ناوبژیوانانی یاریی یانەكەی بەرامبەر بارسێلۆنا گرت كە بەسەركەوتنی یانە كەتەلۆنییەكە بە گۆڵێكی بێبەرامبەر كۆتایی هات.

كۆكی بەهۆی پێكانەوە بەشداریی لە یارییەكەدا نەكرد، بەڵام لەسەر كورسیی یەدەگی یانەكەی بوو لە كاتی یارییەكەدا.

دوای تەواوبوونی یارییەكە، كامێراكان گرتەیەكی كۆكێیان تۆماركردووە كە ئاماژە بۆ ناوبژیوانی یارییەكە دەكات و سەركۆنەی دەكات بەهۆی بڕیارەكانی و رووداوەكانی نێو یارییەكەوە.

 ئەوانەی خوێندنەوەیان بۆ ئاماژەكانی گفتوگۆی نێوان كۆكی و ناوبژیوان كردووە، دەڵێن، ئەو یاریزانە بە ناوبژیوانی گوتووە، "یارییەكە فرۆشرابوو".

بڵاوبوونەوەی ئەو گرتەیە جارێكی دیكە لە ئیسپانیا كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا پاشئەوەی جارێكی دیكە باسوخواسی بەرتیلدانی بارسێلۆنا بە ناوبژیوانان وروژێنرایەوە.

 بارسێلۆنا لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە لە دۆسێی ناسراو بە نیگرێرا، كە پێشتر جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا بووە و بارسێلۆنا پارەی داوەتێ بۆ ئەوەی راپۆرتی تەكنیكیی لەبارەی یارییەكانی خولی ئیسپانییەوە پێ بدات.