دانی كارڤاخال، بەرگریكاری هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی ریال مەدرید بڕیاریدا رێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو رۆژنامانە بگرێتەبەر كە بەوە تۆمەتباریان كردووە گوایە 5 ساڵ لەمەوبەر تێوەگلانی لە دەستدرێژی سێكسیدا هەبووە.

 كارڤاخال، لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا رایگەیاند "هەموو ئەو زانیاریانەی لەم رۆژانەدا لە رۆژنامەكان بڵاودەكرێنەوە و دەیانەوێ لە كەسایەتی من بدەن، بە تەواوی هەڵەن و دوورن لە راستییەوە، هەر لە پەیوەندیكردنم بە لایەنە سیاسییەكانەوە تاوەكو تێوەگلانم لە دەستدرێژی سێكسی لە كاتی مۆندیالی 2018 لە رووسیا".

یاریزانەكەی ریال مەدرید گوتیشی "بە داخ و زۆر هەستیار دەزانم كە میدیا مافی ئەوە بەخۆی بدات بەشێوەیەكە ستەمكارانە تۆمەت بنووسێت و متمانە بە قسەكانی لایەنی سێیەم بدات".

دانی گوتیشی "ئەم بابەتە ناو و شەرەفی من لەكەدار دەكات، بۆیە پێشتر دەستم بە رێكارە یاساییەكان كردووە و بەردەوام دەبم تاوەكو راستییەكان ئاشكرا دەكەم".

 كارڤاخال لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا بەهۆی لێدوانەكانی سەبارەت بە قەیرانی لویس روبیالێس سەرۆكی پێشووی یەكێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا و جینی هێرمۆسۆی خانمە یاریزانی هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا، رەخنەی توندی لێگیرا، چونكە جەختی لەوە كردەوە كە ئەو پرسە بە سیاسی كراوە.