
هەڵبژاردەی عێراق دوو یاری لە قۆناغی سێیەمی پاڵاوتنەكانی وڵاتانی ئاسیا بۆ مۆندیالی 2026 ئەنجامدا و بردنەوەی بەسەر عومان بەدەستهێنا و لەگەڵ كوەیت بە بێ گۆڵ یەكسانبوو.
رۆژنامە عێراقییەكان بڵاویانكردووەتەوە، خیسۆس كاساسی راهێنەری شێرەكانی رافیدەین لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆبونەوە لەگەڵ یەكێتی تۆپی پێی عێراق دەكات و گفتوگۆی ئاستی هەڵبژاردەكە لە دوو یاری رابردوودا دەكەن.
ئاماژەیان بەوەشداوە، راهێنەرە ئیسپانیەكە چەند داواكاریەكی ئامادەكردووە تا پێشكەشی یەكێتیەكەی بكات كە وەك ئامادەكارین بۆ دوو یاری داهاتوو بەرامبەر فەلەستین و كۆریای باشوور كە بڕیارە مانگی داهاتوو ئەنجامبدرێن.
دەشڵێن، كاساس داوا دەكات بە خێرایی خولی ئەستێرەكانی عێراق دەستپێبكاتەوە بەهۆی ئەوەی یاریزانەكانی ناوخۆ توانای جەستەییان دابەزیوە هۆكارەكەشی ئەوەیە ماوەی چەند مانگێكە لە یاریكردن دوورن و وەرزی نوێی خولی عێراقیش دەستیپێنەكردووەتەوە، ئەوەش كێشەی بۆ توانای ئاستیان دروستكردووە.
رونیشیانكردووەتەوە، راهێنەرە ئیسپانیەكە داوای كردنەوەی كەمپێكی مەشق و راهێنان دەكات لە شاری بەسڕە چەند رۆژێك پێش یاریەكەیان بەرامبەر فەلەستین، جگە لەوەش داوای لە یاریزانەكان كردووە خۆیان لەسەر راهێنان بەردەوام بن تا توانای جەستەییان زیاتر دانەبەزێت چونكە بەرپرسیاریەتی گەورە چاوەڕێیان دەكات لە مانگی داهاتوودا.