ئێدوارد كاماڤینگا لە راهێنانەكانی پێش یاری نێوان ریاڵ مەدرید و ئەتڵانتا لە جامی سوپەری ئەوروپا تووشی پێكانێكی سەخت بوو، لەو كاتەدا راگەیەندرا پێكانی یاریزانەكە دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ ماوەی دوو مانگ لە یاریگاكان دووربكەوێتەوە.

سەرچاوە نزیكەكانی ئەم یانەیە پێشتر بانگەشەی ئەوەیان كردبوو كە ستافی پزیشكی ڕیال هەوڵدەدەن بە زووترین كات مەرجەكانی گەڕانەوەی ئەم یاریزانە بۆ یاریگاكان دابین بكەن، ئەمەش بەمەبەستی یارمەتیدان بۆ باشتركردنی دۆخی یانەكە كە بەدەست ژمارەی زۆری پێكانەكانیەوە دەناڵێنێت.

لە ئێستاشدا ڕۆژنامەی ماركا بڵاویكردووەتەوە، كاماڤینگا سورە لەسەر ئەوەی بەشداری لە یاری بەرامبەر ئەتلەتیكۆ مەدرید بكات و هیوادارە تا ئەو كاتە پرۆسەی چارەسەركردنی تەواو بێت، هەروەها ئەنچیلۆتی هیوایەكی زۆری بە گەڕانەوەی ئەم ئەستێرەیە هەیە و پێی وایە بوونی ئەو یاریزانە دۆخەكە زۆر باشتر دەكات بۆ یانەكەی.

بڕیارە ڕۆژی هەشتی مانگی داهاتوو لە یارییەكانی هەفتەی هەشتەمی خولی ئیسپانیا ریاڵ مەدرید روبەڕووی ئەتلەتیكۆ مەدریدی هاوشاری ببێتەوە لە یاری دێربی مەدریدا.