ناسر خلێفی سەرۆكی پاریس سان جێرمان لە نوێترین چاوپێكەوتیندا لەگەڵ رۆژنامەی بیڵد، باسی لە چەند بابەتێكی یانەكەی كرد و دانی بەوەشدانا لە رابردوودا هەڵەیان كردووە بەوەی بڕە پارەیەكی زۆریان بە یاریزانان داوە و لە ئێستاشدا متمانەیان بە لویس ئینریكی هەیە و پەیڕەوی پڕۆژەیەكی سەركەوتوو دەكەن.

لە قسەكانیدا خلێفی وتی: دەبێت راستگۆیانە دانی پێدابنێم پڕۆژەی یانەكە بۆ بردنەوەی چامپیۆنز لیگ هەڵە بوو، چونكە دەمانویست بە گواستنەوەی یاریزانی ئەستێرە ئەو كارە بكەین، بەڵام لێی پەشیمان نین و لە هەڵەكانمان سوود وەردەگرین، لە ئێستادا دەمانەوێت لەگەڵ پرۆژەكەی لویس ئینریكی یاری جوان پێشكەش بكەین و هەموو یارییەك بردنەوە بەدەستبهێنین.

باسی لەوەشكرد، روبەڕوبوونەوەی لیڤەرپول ئاسان نییە چونكە ئەم وەرزە یانەكە ئاستێكی نایابی هەیە، بەڵام متمانەیان بە تیپەكەیان هەیە و یاریزانە گەنجەكانیان هەر بە زووی خۆیان گنجاندووە و لە ئێستادا ئەستێرەی یەكەمی پاریس تەواوی تیپەكەیە نەك تەنیا یاریزانێك.

باسی لەوەشكرد، ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەكەن سەرمایەدارە قەتەرییەكان پاریس جێدەهێڵن بەهۆی كێشەی گەندەڵیەوە دوورە لە راستییەوە و ئەو بابەتانە هەرگیز نیگەرانی ناكات.