ئەمڕۆ سێشەممە، دەستەی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا، وادەی یارییەکانی وەرزی نوێی 2024-2025ـی لالیگای بە بەشداری 20 یانە ئاشکراکرد. هەروەها وادەی یارییەکانی ئیلکلاسیکۆی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا لەگەڵ وادەی یارییەکانی دێربیی مەدرید دیاریکران. 
 
بەپێی ئەوەی لالیگا رایگەیاندووە، پێشبڕکێکانی وەرزی نوێی خولی ئیسپانیا لە 18ـی مانگی ئابی داهاتوو دەستپێدەکەن و لە 25ـی مانگی ئایاری 2025 کۆتایی دێن.
 
ریال مەدرید وەک پاڵەوانی بەرگریکار دەچێتە وەرزی نوێ، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو بۆ جاری 36 لە مێژووی خۆیدا لالیگای بردەوە.
 
مێرینگێ ئەو تیپەیە کە زۆرترین نازناوی لالیگای بەدەستهێناوە، لە پلەی دووەمیشدا بارسێلۆنا دێت بە بردنەوەی 27 نازناو و ئاتلێتیکۆ مەدرید سێیەمە و خاوەنی 11 نازناوە.
 
ریال مەدرید نازناوی وەرزی رابردووی خولەکەی بەدەستهێنا دوای ئەوەی 95 خاڵی کۆکردەوە و بە 10 خاڵی تەواو لەپێش بارسێلۆنای دووەمی خولی ئیسپانیاوە بوو.