لە یاریەكانی هەفتەی 32ی خولی نایابی عێراق یانەی دهۆك لەناو یاریگای خۆیدا میوانداری لە یانەی نەجەف كرد و یاریەكەش بەئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لەبەرژەوەندی نەجەف كۆتایهات.

تایمی یەكەمی یاریەكە لەسەرەتاوە بە ئاست بەرزی یاریزانانی نەجەف دەستیپێكرد و لە خولەكی 6 ئەحمەد فازیل گۆڵی یەكەمی تۆماركرد، نەجەف بەو گۆڵەوە ڕانەوەستا و لە خولەكی 18 مەهدی كامیل گۆڵی دووەمی یانەكەی تۆماركرد، دواتریش دهۆك لە خولەكی 32 لەلایەن وەلید سەلمانەوە جیاوازیەكەی كەمكردەوە.

لە تایمی دووەم هەولەكانی هەردوو یانە بۆ تۆماركردنی گۆڵ بەردەوامی هەبوو كە نەجەف لە خولەكەكانی 61 و 71 لەلایەن محەمەد مەزهەر و مورتەزاوە دوو گۆڵی تریان تۆماركرد، دواتریش لە خولەكی 87 یانیك زاكیری گۆڵی دووەمی بۆ دهۆك تۆماركرد.

بەو ئەنجامەش نەجەف بەكۆكردنەوەی 46 خاڵ لەپلەی شەشەمدایە و دهۆكیش بە 45 خاڵەوە دابەزی بۆ پلەی هەشتەم.