لە خولی سعودیە و لە یارییەكانی هەفتەی 23، یانەی نەسڕ لە دەرەوی یاریگای خۆی بووە میوانی عروبە كە عەدنان حەمەدی عێراقی راهێنەرایەتییان دەكات.

تایمی یەكەم، هەردوولا بە بەهێزی دەستیان پێكرد و لە خولەكی 40 عومەر سۆمە یانەی خاوەن یاریگای بە گۆڵێك پێشخست.

لە تایمی دووەمدا، هەرچەندە نەسڕ لە خولەكی 51 لە رێگەی نەوافەوە ئەنجامەكەی یەكسانكردەوە، بەڵام دووبارە عروبە گۆڵی پێشكەوتنی لە خولەكی 65 لە رێگەی جۆدمۆندسۆن نوسییەوە.

سەرەنجام یارییەكە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە سودی عروبە و بە شكستی نەسڕ كۆتایی هات.

لە یارییەكی بەهێزی هەمان هەفتەش هیلال بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە سێ گۆڵ شكستیهێنا بەرامبەر ئەهلی.

بەم ئەنجامانە هیلال و نەسڕ بە 51 خاڵ و 47 خاڵ لە پلەكانی دووەم و سێیەم مانەوە، ئەو ئەنجامەش دەبێتە رێگە خۆشكەر بۆ ئیتیحاد تا زیاتر لە نازناوی ئەم وەرزەی خولی سعودیە نزیك ببێتەوە.