لە یارییەكانی هەفتەی سێیەمی خولی سعودییە، ئیتیحاد لە یاریگای خۆیدا میوانداری وەحدەی كرد.

لە تایمی یەكەم، لە خولەكی دوو كەریم بنزیمە بە گۆڵێك ئیتیحادی پێشخست، لە خولەكی 13ەش حوسام عەوار ئەنجامەكەی كرد بە دوو هێندە، بەڵام لە خولەكی 31 یوسف ئەمینی عێراقی ئەنجامەكەی بۆ گۆڵێك بۆ وەحدە كەمكردەوە، پاشان لە خولەكی چواری زیادكراوی ئەو تایمە فابینۆ گۆڵی سێیەمی ئیتیحادی تۆماركرد.

لە تایمی دووەم ئیتیحاد بە بەهێزیەوە گەڕانەوە نێو یاریگا، لە خولەكەكانی 47 و 55 دوو گۆڵی تریان لەڕێی بنزیمە و فەوازەوە تۆماركرد، یارییەكە بەرەو كۆتایی دەڕۆیشت بەڵام كوڕە زەردپۆشەكان لە هەوڵدان بۆ گۆڵكردن نەوەستان و دوو گۆڵی تریان لەڕێی بنزیمە و ساڵەح شەهریەوە تۆماركرد و سەرەنجامیش یارییەكە بە حەوت گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك بە بردنەوەی ئیتیحاد كۆتایی پێهات.

بەم ئەنجامەش ئیتیحاد سێیەم بردنەوەی لەم وەرزەی خولی سعودییە نووسیەوە و بەجیاوازی گۆڵ لە پلەی یەكەم دێت، وەحدەش خاوەنی چوار خاڵە لە پلەی 11یەم.