لە یارییەكانی هەفتەی 28ی خولی ئەڵمانیا، هایدنهایم میوانداری لە بایرن میونشن كرد.

تایمی یەكەم، یانە باڤارییەكە باشتر بیندرا و لە خولەكەكانی 38 و 45 دوو گۆڵیان لە رێگەی هاری كەین و سێرجی گنابریەوە تۆماركرد و كۆتاییان بە نیوەی یەكەم هێنا.

لە تایمی دووەمدا بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكرا و سیناریۆكە هەڵگەڕایەوە، خاوەن یاریگا باڵی كێشا بەسەر یاریگادا، دوو گۆڵی یەك لەدوای یەكیان لە خولەكەكانی 50 و 51 تۆماركرد و ئەنجامەكەیان یەكسانكردەوە، لە خولەكی 79ـشدا بایرنیان شۆككرد كاتێك گۆڵی سێیەم و ریمۆنتادایان تۆماركرد.

سەرەنجام یارییەكە بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە سودی هایدنهایم كۆتایی هات.

لە یارییەكەی دیكەی هەمان قۆناغدا لیڤەركوزن بووە میوانی یونیەن بەرلین و یارییەكەی بە تاكە گۆڵێكی فلۆریەن ڤێرتز لێبردەوە.

دوای ئەو ئەنجامانە بایرن 60 خاڵی هەیە و لە پلەی دووەم دەبیندرێت، بایەر لیڤەركوزنیش بە كۆكردنەوەی 76 خاڵ بێ ركابەر لە پێشەنگە.

یانەكەی چابی ئەلۆنسۆ بە بردنەوەی ئەو یارییە سەركەوتنی بۆ چامۆیۆنز لیگی وەرزی داهاتوو مسۆگەر كرد و بە بردنەوەی تەنیا یەك یار دیكە دەبنە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئەڵمانیا.