لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێش كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو، دهۆك لە یاریگا و بەردەم هاندەرێكی بێشوماری خۆیدا میوانداری ئیتیفاقی سعودی كرد.

تایمی یەكەم، یانەی خاوەن ماڵ بە هیوای پارێزگاری لە ئەنجامی یاریی چوون بەرگری دەكرد و ئیتیفاق چەندین هێرشی بردە سەر گۆڵەكەیان بەڵام سەركەوتوو نەبوون لە تۆماری گۆڵدا.

لە تایمی دووەمدا، هەمان سیناریۆ بەردەوامبوو، بەڵام لە كۆتا خولەكەكان دهۆك گورزی خۆی وەشاند و گۆڵی یەكەمی لەو یارییەدا لە رێگەی كوركیس تۆماركرد.

سەرەنجام یارییەكە بەو تاكە گۆڵە لە سودی دهۆك كۆتایی هات، بە ئەنجامی هەردوو یارییش دهۆك بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بەسەر پشتی ئیتیفاقی سعودی گەیشتە یاریی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو، لە یاریی كۆتاییشدا دهۆك رووبەڕووی قادسیەی كوەیتی دەبێتەوە.