لە یارییەكی هەفتەی 31ی خولی ئیسپانیا یانەی بەرشەلۆنە لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە میوانی یانەی قادش.

تایمی یەكەم، یانە كەتەلۆنییەكە بەهێزتربوو، لە بەرامبەردا قادشیش بە هێرشی پێچەوانە یاری دەكرد، دوای هەوڵەكانیش بلاوگرانا لە خولەكی 37 بە گۆڵێكی نایابی جۆواو فیلێكس پێشكەوت.

لە تایمی دووەمدا، یارییەكە هاوسەنگی بەخۆیەوە بینی و هیچ گۆڵیك تۆمار نەكرا و بە خاوێنی كۆتایی هات. سەرەنجام یارییەكە بە تاكە گۆڵێك لە بەرژەوەندی یانە كەتەلۆنییەكە تەواو بوو.

بەم ئەنجامەش بلاوگرانا 70 خاڵی كۆكردووەتەوە و لە پلەی دووەم جێگیر بووە، قادشیش بە 25 خاڵ لە پلەی 18ی ریزبەندییە.

لەلایەكی تریشەوە ریال مەدرید بووە میوانی ریال مایۆركاو لە تایمی یەكەم، مێرەنگێ مەترسیدارتر بیندرا و چەند هەلێكی مەترسیداری بردە سەر گۆڵی خاوەن یاریگا، بەڵام هیچ گۆڵیك تۆمار نەكرا.

لە تایمی دووەمدا، لە خولەكی 48 یاریزان ئۆریلیان چوامینی سەركەوتو بوو لە هەژاندنی تۆڕی مایۆركا دوای ئەوەی بە لێدانێكی بەهێزی نایاب لە دەرەوەی ناوچەی سزا گۆڵی تۆماركرد، دواتر ڤینیسیۆس و كاماڤینگا هاتنە یاریگاوە یانەی شاهانەش بەردەوامبوو لە فشاركردن بەڵام یارییەكە تا كۆتایی بەم ئەنجامە مایەوە.

سەرەنجام مێرەنگێ بە كۆكردنەوەی 78 خاڵ بێ ركابەر پێشەنگە و مایۆركا لە پلەی 14 دەبیندرێت بە 32 خاڵ.