
لە یارییەكانی هەفتەی 20ی خولی ئیسپانیا، یانەی بەرشەلۆنە لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی خیتافی بووەوە.
لە تایمی یەكەمدا و لە خولەكی نۆ جۆلێس كۆندی گۆڵێكی بۆ بەرشەلۆنە تۆماركرد و دواتر لە خولەكی 34 ماورۆ ئارامباری ئەنجامەكەی بۆ خیتافی یەكسانكردەوە.
لە تایمی دووەمدا، یاریزانانی بەرشەلۆنە هەوڵێكی زۆریاندا بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی یاریەكە بەڵام سەركەوتوو نەبوون و سەرەنجام بە یەكسانی و بە گۆڵێك بۆ هەردوو یانە كۆتاییهات.
لە یارییەكی دیكەدا یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە میوانی لیگانێس.
تایمی یەكەم رۆخیبلانكۆس كۆنترۆڵی یاریگای كرد و هەوڵی تۆماری گۆڵی دەدا بەڵام سەرجەم هەوڵەكان بێ ئاكامبوون و شكستیان هێنا.
لە تایمی دووەمدا، لە خولەكی 49 ماتیا ناستاسیتچ دەرفەتێكی قۆستەوە و گۆڵی پێشكەوتنی لیگانێسی تۆماركرد، هەرچەندە لە خولەكی 90 گریزمان لە رێگەی لێدانی سزاوە دەرفەتی یەكسانكردنەوەی ئەنجامەكەی بۆ رەخسا بەڵام لەدەستیدا.
سەرەنجام یارییەكە بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر لە سودی لیگانێس كۆتایی هات و كۆی خاڵەكانیان گەیاندە 22 خاڵ و لە پلەی 15 دەبیندرێن، ئەتلەتیكۆش بە 44 خاڵ لە پێشەنگدایە.
بەڵام ئەگەر ریاڵ مەدرید لە لاس پاڵماس بباتەوە بە جیاوازی دوو خاڵ پێش ئەتلەتیكۆ دەكەوێت و پێشەنگی لا لیگا وەردەگرێت.