
سەرلەبەیانی دوێنێ خوسێلۆ لە نۆرینگەی تایبەتی یانەكە پشكنینە پزیشكییەكانی ئەنجامدا، دوای ئەوە لە رێوڕەسمێكدا لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز واژۆی لەسەر گرێبەستی یانەكە كرد، كە بەشێوەی خواستن دەبێت بۆ وەرزێك و ئەگەری كڕینەوەی یاریزانەكەشی بەشێوەی هەمیشەیی لەگەڵە.
دوای واژۆكردنی گرێبەستەكەی خوسێلۆ بەدرێسی ژمارە 14ـەوە لەبەردەم 14 نازناوەكەی چامپیۆنزلیگی ریال مەدرید وێنەی یادگاریی تۆماركرد و بووە یاریزانی یانەكە.
لە رێوڕەسمی ناساندنەكەیدا، خوسێلۆ بە ئامادەبووانی گوت "بنزیما یەكێك لە باشترین هێرشبەرەكانی جیهانە، بەڵام من نەهاتووم بۆ ئەوەی لە ریال مەدرید قەرەبووی چوونی ئەو و هیچ یاریزانێكی دیكە بكەمەوە."
یاریزانە ئیسپانییەكە زیاتر گوتی "دەمەوێت لە ریال مەدرید بە ئاستێكی بەرزەوە دەربكەوم و هاتووم بۆ ئەوەی زۆرترین گۆڵ بەدرێسی یانەكەوە تۆماربكەم."
خوسێلۆ لە رێوڕەسمەكەدا هاوژینەكەی تووشی سەرسوڕمان كرد و دوور لە چاوەڕوانییەكان گوتی "داوای لێبوردن لە هاوژینەكەم و منداڵەكانم دەكەم، بەڵام ئەمە خۆشترین ساتە لە ژیانی مندا، گەڕانەوەم بۆ ریال مەدرید خەونێك بوو و بووە راستی."
لەبارەی وەرگرتنی درێسی ژمارە 14ـەوە لە كاتێكدا ژمارە 9 لای هیچ یاریزانێك نییە خوسێلۆ گوتی "شانازی بە پۆشینی درێسی ریال مەدریدەوە دەكەم، ژمارەی درێس لای من شتێكی لاوەكییە."
خوسێلۆ لە 2009 تاوەكو 2012 یاریزانی یانەی ریال مەدرید بوو، بەڵام زۆرینەی كاتەكانی لەگەڵ تیپی دووەمی یانەكە بوو و بەدرێسی تیپی یەكەمەوە تەنیا یەك یاریی ئەنجامدابوو، دوای چەندین ساڵ دووركەوتنەوە لە یانەكە و تاقیكردنەوەی چەندین یانەی جیاواز لەسەر ئاستی ئیسپانیا و ئەڵمانیا و ئینگلتەرا یاریزانەكە گەڕایەوە یانەی شاهانە.